ترەمپ: ئامێرەکانی دەنگدان پارێزراو نین
چین 220 ملیۆن داتای دەنگدەرانی ئەمریکای دزیوە؟ لێره بیزانه.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وتارێکی ڕاستەوخۆدا تۆمەتی قورسی ئاڕاستەی چین کرد بەوەی دەستوەردانی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 کردووە و جەختی لە بوونی چەندین کەلێنی مەترسیدار لە سیستمی دەنگدانی ئەمریکادا کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول هەنگاو دەنێت.
ئەمڕۆ تۆڕی هەواڵی بی بی سی بڵاوی کردەوە، ترەمپ پێی وایه چەندین بەڵگەی هەواڵگریی دەیسەلمێنن پەکین هەوڵی داوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە قازانجی جۆ بایدن بگۆڕێت. ترەمپ چین تۆمەتبار دەکات بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بەسەر زانیاریی 220 ملیۆن دەنگدەردا گرتووە و داتا و زانیاریی دەنگدەرانی لە 18 ویلایەتی جیاواز دزیوە یان هاکی کردوون.
بهپێی بی بی سی، ترهمپ داوای تێپەڕاندنی یاسای پاراستنی ئەمریکای کردووه، کە تێیدا دەنگدانی پۆستی قەدەغە دەکرێت و پێویستە دەنگدەر بەڵگەی هاووڵاتیبوون و ناسنامەی وێنەداری پێ بێت.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی چین بە توندی ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، ئەمانە تەنها سیناریۆی دروستکراون و هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.
هاوکات دیموکراتەکان وەک چەکێکی سیاسیی بۆ گومانخستنە سەر هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو سەیری ئەم وتارەی ترەمپ دەکەن. چەک شومەر، ڕێبەری زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران، دهڵێت: "دیموکراتەکان ڕێگە نادەن ترەمپ کێشە بۆ پرۆسەی دیموکراسیی و دەنگدانی ئازاد دروست بکات."
ئەمه لە کاتێکدایە، بەپێی نوێترین ڕاپرسییەکان، ئاستی جەماوەریی ترهمپ بۆ 37% دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانی خەڵک لە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020، ترەمپ و لایەنگرانی چەندین تانەی یاساییان پێشکەش کرد بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەسەر ساختەکاریی بەرفراوان نەدۆزرایەوە و دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا ئەو هەڵبژاردنەیان بە پارێزراوترین هەڵبژاردن لە مێژووی وڵاتدا ناو برد.