کەریم خان دەبێتە قوربانیی پیلانێکی سیاسیی؟
دادگای نێودەوڵەتیی دەلەرزێت؛ تۆمەتی ئهخلاقی بەرۆکی کەریم خانی گرت.
کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە دوای ئەوەی دوو ژن بە ئاشکرا تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسییان ئاراستە کرد و ئەمەش مەترسیی لەسەر پۆستەکەی و داهاتووی دادگاکە دروست کردووە.
ئەمڕۆ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن چاوپێکەوتنێکی کریستیان ئامانپووری لەگەڵ پارێزەرێکی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە ناوی سارا بڵاو کردەوە، کە تێیدا سارا بۆ یەکەم جار بە ئاشکرا باسی لەوە کرد کە کەریم خان چۆن سنوورە ئەخلاقیی و فیزیکییەکانی بەزاندووە.
سارا کە یاریدەدەری تایبەتی خان بووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتی گەشتێکی فەرمیدا بۆ کۆڵۆمبیا، کەریم خان چووەتە ژوورەکەی و دەستدرێژیی کردووەتە سەری لە کاتێکدا ئەو خۆی وەکو خەوتوو نیشان داوە.
جگە لە سارا، ژنێکی تر بە ناوی پاتریشا کە پێشتر وەکو مەشقکەر لەگەڵ کەریم خان کاری کردووە، هەمان تۆمەتی ئاراستە کردووە و دەڵێت لە ساڵی 2009ـەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژیی و هەوڵی نەشیاوی ئەو پارێزەرە بووەتەوە.
لە بەرامبەردا، پارێزەرانی کەریم خان بە توندی ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن ئەم کارە لایەنی سیاسیی لە پشتە و مەبەست لێی تێکدانی ناوبانگی خانە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی 2024 داوای دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردبوو.
لای خۆشییەوە، لێژنەی کارگێڕیی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کەریم خانی لە پۆستەکەی ڕاگرتووە و بڕیارە لە 24ی تەممووزی 2026، وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دەنگدانەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر مانەوە یان لادانی کەریم خان بدەن.
کەریم خان، یاساناسی ناوداری بەریتانی و داواکاری گشتیی ئێستای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC)، کە پێشتر سەرکردایەتیی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراقدا، بەهۆی داواکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی مێژوویی بۆ ڤلادیمێر پۆتین، بنیامین نەتانیاهۆ و سەرکردەکانی حەماس، لەسەر ئاستی جیهان دەنگدانەوەی گەورەی دروست کردووە.