9 دزی گهوره دهستگیر كران
وردەکاریی تەواوی دەستگیرکردنی 3 دزەکەی سێتاقان لە هەولێر
هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرا و سەرکەوتوودا توانییان باندێکی مەترسیداری دزیکردن تێک بشکێنن، کە بەرپرس بوون لە بڕینی چەندین دوکان لە یەکێک لە گەڕەکە دیارەکانی شارەکە و بردنی بڕێکی زۆر له پارە و قاسە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە بەشی نەهێشتنی تاوان (نووسینگەی ناوەند) توانییان 3 تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر 9 دوکانیان لە گەڕەکی سێتاقان بڕیبوو و دزییان لێ کردبوو.
بهپێی زانیارییهكان، ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان ئەنجام دراوە و توانراوە تۆمەتباران بە ناوەکانی (م، م، ح)، (ن، س، م) و (ا، م، ج) لە ماوەیەکی پێوانەییدا دەستگیر بکرێن.
پۆلیسی ههولێر ئاماژهی بهوه كردووه، ئەو تۆمەتبارانە چەندین قاسە و بڕێکی زۆر پارەیان لەو دوکانانە دزیوە. لە ئێستادا تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاساییان بۆ ڕێک خراوە تا ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.
ئهمه لهكاتێكدایه، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی سەروەریی یاسا و دابینکردنی ئارامیی بۆ هاووڵاتییان، ئەم چالاکییەش لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی پۆلیسدایە بۆ بنبڕکردنی تاوان.