ئوردن بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکیی دایەوە
سوپای ئوردن هۆشداریی دەدات؛ سەروەریی وڵات هێڵی سوورە.
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئوردن توانیویەتی سێ مووشەکی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتهكهی تێکبشکێنێت، کە خاکی ئوردنیان کردبووە ئامانج، هاوکات دووپاتی کردەوە کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی و ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، پرۆسەی تێکشکاندنی مووشەکەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ و بەپێی ڕێکارە بەرگرییەکان ئەنجام دراوە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی شانشینی ئوردن و سەلامەتیی هاووڵاتییان. تیمەکانی فەرماندەیی ئەندازیاریی پاشماوەی مووشەکەکانیان لەو شوێنانەی لێی کەوتبوون کۆ کردووەتەوە و ناوچەکانیان لە هەر مەترسییەک پاک کردووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی گرژیی بووەتەوە؛ ئێران هێرشی نوێی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوهیت و سووریا ڕاگەیاندووە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ شەشەم شەوی هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناو خاکی ئێران.
هاوکات كوهیت له بڵاوكراوهیهكدا دهڵێت: "زیاتر لە 1350 هێرشی ئێرانی بۆ سەر وڵاتەکەی تۆمار کراوە، بەحرەین و قەتەریش ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکیی و درۆنی بوونەتەوە، کە بەهۆیەوە منداڵێک لە قەتەر بە شێوەیەکی سووک بریندار بووە."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کردووه، لە دوایین هێرشەکانیدا، دەیان پێگەی سەربازیی ئێرانیی لە ناوچەکانی بەندەر عەباس و دوورگەی قیشم کردووەتە ئامانج، کە ناوەندی چاودێریی کەناراوەکان و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی تێدا بووە.
بهپێی زانیارییهكان، ئەم پێکدادانە ڕاستەوخۆیانە مەترسیی گەورەیان بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز و ئاسایشی وزەی جیهانیی دروست کردووە.