Banner
پایتەخت

تاران ئاماری قوربانییەکانی بڵاوکردەوە

تاران ئاماری قوربانییەکانی بڵاوکردەوە
کورتە

تاران نەوت و گاز لە جیهان دەبڕێت؛ له‌ ناوخۆی وڵاته‌كه‌ش هێرشه‌كانی ئه‌مریكا كاره‌ساتییان دروست كردووه‌.

ئاستی گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و بێوێنه‌، کە تەواوی ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گشتگیر و وێرانکەر دەبات و کاریگەرییە سەربازیی و ئابوورییەکانی سنووری وڵاتانی تێپەڕاندووە.

 

ئەمڕۆ سوپای ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا بڵاوی كرده‌وه‌، لە قۆناغی یازدەیەمی ئۆپەراسیۆنی بروسکەدا، بنکە و بارەگاکانی ئەمریکایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. هێرشەکان لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژیی جۆری ئارەشەوە ئەنجام دراون و شوێنی جێگیربوونی هێلیکۆپتەر و فڕۆکە سیخوڕییەکانی جۆری P-8 ی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی سوخەیر پێکاوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ژێرخانی ئێران.

 

بازنەی هێرشەکانی تاران تەنها لە بەحرەین نەوەستاوە، بەڵکو هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران ڕایانگەیاندووە، ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکایان لە ناوچەی تەنفی سووریا تێکشکاندووە. لەو هێرشانەدا سیستمێکی ڕادار و چەند هێلیکۆپتەرێکی تایبەت کراونەتە ئامانج، هاوکات تاران هەڕەشەی ڕاگرتنی تەواوەتیی هەناردەی نەوت و گازی لە گەرووی هورمز کردووە تا ئەو کاتەی شەڕەکە بەردەوام بێت.

 

لە بەرامبەردا، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی توندیان بۆ سەر پارێزگای هورمزگان ئەنجام داوە. پارێزگاری هورمزگان ئاشکرای کردووە کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکاوە، شەش پردی ستراتیژی لە ناوچەی خامیر و بەندەر عەباس ڕووخاون یان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، کە گرنگترینیان پردی گیروە و مارو بوون، ئەمەش هاتوچۆی لە ناوچەکەدا بەتەواوی پەک خستووە.

 

له‌ ڕووی مرۆییه‌وه‌ حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کردووه‌، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ی تەممووزی 2026، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 38 کەس و بریندارانیش 400 کەسی تێپەڕاندووە. لە نێو قوربانییەکاندا ژمارەیەکی زۆر ئافرەت و منداڵ هەن، هەروەها باری تەندروستیی 47 بریندار زۆر ناجێگیرە.

 

وەزارەتی وزەی ئێران هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییان کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی کارەبا، فشارێکی زۆر لەسەر تۆڕی نیشتمانیی دروست بووە. لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە باشووری ئێران 50 پلەی سەدییان تێپەڕاندووە، پچڕانی کارەبا و ئاو ژیانی منداڵان و بەساڵاچووانی خستووەتە مەترسییەوە و داوا لە خەڵک کراوە ئامێرەکانی ساردکەرەوە بکوژێننەوە.

 

لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، چین و پاکستان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە شانگهای کۆبوونەوە و داوایان کرد هەردوولا دەستبەجێ هێرشەکان ڕاگرن و پابەندی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشوو بن، چونکە پەککەوتنی گەرووی هورمز زیانێکی جیهانیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.

 

ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ماوەی شەش ڕۆژە لەناو جەنگێکی قورسدایە و تاران و واشنتن بە قورسترین چەکی خۆیان هێرش دەکەنە سەر یەکتر.

 

17 تەمموز 2026 11:30
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026