پهیامێك له باڵیۆزخانەی ئەمریكاوه بۆ هاووڵاتییانی له عێراق
ئەمریکا هۆشداری به هاووڵاتییانی دەدات: بۆ هیچ مەبەستێک مەچنە عێراق.
نێردەی دیپلۆماسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، هۆشدارییەکی ئەمنیی توندی ئاراستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد و داوای لێ کردن بەهۆی بەردەوامیی مەترسییەکانی هێرشە درۆنییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی، بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن.
ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەو هێرشانەی کە لە ڕێگەی درۆنە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران لە 15ی تەممووز بۆ سەر عێراق ئەنجام دران، پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکی لەوپەڕی وریاییدا بن و چاودێری میدیا ناوخۆیییەکان بکەن.
باڵیۆزخانەکە جەختی کردەوە کە ئەگەری هەیە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە گەشتە ئاسمانییەکان بوەستێنرێن یان ئاسمانی وڵات دابخرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات پێش چوون بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر، بەغدا، بەسرە و سلێمانی، لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکان پێوەندی بکەن تاوەکو لە گەشتەکانیان دڵنیا ببنەوە.
لە هۆشدارییەکەدا جارێکی تر ئاستی چوارەمی مەترسییەکان (ئاستی سوور) وەبیرهێنراوەتەوە کە تێیدا گەشتکردن بۆ عێراق بەهۆی تیرۆر، ڕفاندن، ململانێی چەکداری و پشێوییە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغەیە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە توانای حکومەتی وڵاتەکەی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ناو عێراقدا زۆر سنووردارە.
سەرەڕای فەرمانی دەرچوونی ناچاری بۆ بەشێک لە کارمەندانی نێردە دیپلۆماسییەکان، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر لە کارەکانیان بەردەوامن و خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان دابین دەکەن.