بڕی بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق ئاشکرا کرا
200 تریلیۆن دینار بۆ بودجەی نوێی عێراق تەرخان دەکرێت
عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەیاساکانی بودجە بۆ ساڵی 2027، کە تێیدا ڕێکاری نوێ بۆ پاراستنی داهات و چاکسازی لە سیستەمی خەرجییەکانی وەزارەتەکان دەگیرێتە بەر تاوەکو ڕووبەڕووی هەر ئەگەرێکی کەمبوونەوەی نرخی نەوت ببێتەوە.
ئهمڕۆ ڕۆژنامەی (الشروق)ی میسری بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق بەنیازی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا، کە بڕەکەی دەگاتە 200 تریلیۆن دینار. 150 تریلیۆن دینار بۆ بودجەی خەرجییەکان و 50 تریلیۆن دیناریش بۆ بەرنامە و پڕۆژەکان تەرخان دەکرێت.
بهپێی ڕۆژنامهكه، حکومەت چەند بەدیلێکی بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی بانیاسی سووری، عەقەبەی ئوردنی و جیهانی تورکی ئامادە کردووە تاوەکو لە کاتی هەر پەککەوتنێکی گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی هورمز سوودیان لێ ببینێت.
ئهوهش خراوهته ڕوو، سیستەمی نوێی بودجە وەزارەتەکان پابەند دەکات بە بەرنامەی ڕوون و دیاریکراو بۆ خەرجکردنی پارە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی گەندەڵی و چاودێریکردنی ورد بۆ خەرجییەکان. بڕیارە ئەو پارانەی لە دۆسیەکانی گەندەڵی دەگەڕێنرێنەوە، بخرێنە ناو سندوقێکی تایبەت تاوەکو بە شەفافیەت بەڕێوە ببرێن و لە هەر گومانێک بەدوور بن.
پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق ساڵانە یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکان کە ڕەهەندی سیاسی و ئابووری وەردەگرێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر شێوازی ژیانی هاووڵاتییان و دابینکردنی مووچە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وڵاتهكه هەیە.