پهرلهمانتارێك ڕەوانهی زیندان كرا
پەرلەمانتارێکی عێراق، بههۆی وەرگرتنی بەرتیل سزایهكی قوڕس درا.
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە عێراق، بڕیاری سزای زیندانیکردنی بۆ پەرلەمانتارێک دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی بەڵگەی تەواو لەسەر تێوەگلانی لە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل و مامەڵەکردن بە پۆستەکەیەوە بەدەست هات.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی 2 ساڵ بۆ پەرلەمانتار محەممەد ناسر دلی کەربولی دەرکردووە، لەگەڵ پێ بژاردنی 10 ملیۆن دینار.
سزای ئهو پهرلهمانتاره دوای ئەوە هات کە ئاشكرا بوو ناوبراو داوای 50 هەزار دۆلاری کردووە، بەرامبەر بەوەی دەستوەردان بکات بۆ داخستنی دۆسیەی چەند لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرخی یەکەم، تاوەکو سکاڵاکارێک لە پۆستی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکدا بمێنێتەوە.
بهپێێ دهستهی دهستپاكی، دادگا جەختی کردووەتەوە کە بەڵگەکان پێویست و قایلکەر بوون بۆ سەلماندنی تاوانەکە، بۆیە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983 سزاکەی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم هەنگاوەی دادگا لە کاتێکدایە، کە دەزگا پەیوەندیدارەکان چاودێرییەکی تووندیان خستووەتە سەر کارەکانی بەرپرسانی باڵا بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەت و پرۆسهكه له چوارچێوهی 'ههڵمهتی بهرهبهیان'ـی عهلی زهیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا دێت.