Banner
پایتەخت

نەوتی عێراق دەگاتە ئەوروپا و دەریای ناوەڕاست

نەوتی عێراق دەگاتە ئەوروپا و دەریای ناوەڕاست
کورتە

ترەمپ و زەیدی لەسەر چی ڕێککەوتن؟ دەرەنجامی کۆبوونەوەی واشنتن.

بۆ ڕزگاربوون لە گەمارۆی یەک ڕێڕەوی دەریایی، بەغدا هاوپەیمانییەکی گەورە لەگەڵ واشنتن و دەوحە پێک دەهێنێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا وەزیری نەوتی عێراق پڕۆژەی کێشانی هێڵی گواستنەوەی نەوتی لە بەسرەوە بۆ فیشخابوور له‌پێناو فرەچەشنکردنی دەروازەکانی وزەی عێراق ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ باسم محەممەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ واشنتن ڕایگه‌یاند، عێراق هەوڵی دروستکردنی هاوبەشیی ڕاستەقینە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دەدات و لەو چوارچێوەیەدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان بایەخێکی زۆریان پێ دراوە.

ئه‌و وه‌زیره‌ عێراقییه‌ ئاشكرای كرد، سەردانەکەیان بۆ واشنتن و کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆیەکی ڕاشکاوی لەخۆ گرتووە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، کە تێیدا لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی هەبووە.

عەبادی ڕوونی کردەوە، هاوپەیمانییەکه‌ لە نێوان هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی (تی ئای کاپیتال) و (شیفرۆن) لەگەڵ کۆمپانیای (یو سی سی)ی قەتەری و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی عێراقی پڕۆژەی جێبەجێکردنی سیستەمێکی بۆریی نەوت لە بەسرەوە بۆ فیشخابوور دەگرنە ئەستۆ.

ئەم هێڵە دەبەسترێتەوە بە بەندەری جیهانی تورکی و لقێکی تریشی لە حەدیثەوە بۆ بەندەری بانیاسی سووری دەچێت، ئەمەش وەک دوو سییەی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت دادەنرێت و فشارەکان لەسەر گەرووی هورمز کەم دەکاتەوە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، عێراق ساڵانێکی زۆرە بەهۆی کێشەی دارایی و ئابووری نەیتوانیوە پڕۆژەی فرەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت جێبەجێ بکات و ئەم پڕۆژە نوێیەش دەبێتە هۆی پاراستنی ئاسایشی وزەی وڵاته‌كه‌.

15 تەمموز 2026 15:17
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026