پارەی مووچەی مانگی 6 گەیشت
وەزارەتی دارایی هەرێم وردەکاریی تەمویلی نوێی مووچە ئاشکرا دەکات.
پڕۆسەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و پاش تەواوبوونی ڕێکارە هونەرییەکان، تەمویلی پێویست بۆ مووچەی مانگی حوزەیران گەیشتە هەولێر.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی 841 ملیار و 161 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینە لە داهاتی نانەوتی بڕیوە، هەروەها بڕی زیاتر لە 3 ملیار دیناری شایستەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی ڕەوانە نەکردووە.
بڕیارە دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو بکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی بکرێت.