سوودانی: هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کردەوەی تیرۆریستین

سوودانی لەبارەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا و هیرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم هاتە دەنگ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم هاتە دەنگ و بە کردەوەی تیرۆسرستی لە قەڵەم دا.
ئەمڕۆ سێ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی دیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشەیت پرێس ڕایگەیاند، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کردەوەی تیرۆریستین.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، لە ئێستادا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هاوپەیماناندا كاردەكەن بۆ دەستنیشانكردنی بكەرانی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە و بەسزا گەیاندنیان.
هاوکات سوودانی ئاماژەی بەوشدا، لە کۆتایی ئەمساڵ پەیوەندیی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا رێکدەخەنەوە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 29 هێرشی مووشەکی و درۆنیمان لە نێوخۆی عێراق پووچەڵ کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی دوێنێ دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە سنووری هەولێر کەوتنەخوارەوە و درۆنێکی دیکە لە گوندى هیاوەى سنوورى حەویجەى پارێزگاى کەرکووک تێکشکێندرا، لەم بارەیەوەش لە بەغداوە شاندێکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەو هێرشە درۆنیانە گەیشتە هەولێر.