ئەنجامی پشکنینی پزیشکیی دۆسیەی حەمەڕەش دەرچوو
سامان جاف، وردهكاریی نوێ لهبارهی دۆسیهی حەمەڕەش و گهڕانهوهی ئهنجامی پشكنینی پزیشكی ئاشكرا دهكات.
ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانی حەمەڕەش، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی لالەزار، ڕاستی گوتەکانی لەبەردەم دادگا سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی پشتڕاستکردەوە و وردەکاری نوێ لەبارەی تەندروستی ناوبراوهوه دەخرێنەڕوو.
ئەمڕۆ سامان جاف، برای هاوکار جاف ڕایگەیاند، ئەنجامی پشکنینی پزیشکیی دۆسیەی حەمەڕەش دەرچووە و بەپێی بەڵگەکان، سەرجەم ئەو قسانەی پێشتر لە دادگا کردبووی پشتڕاست کراونەتەوە.
بەپێی گوتەکانی ناوبراو، پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە کە حەمەڕەش بەهۆی لێدان و بەکارهێنانی کارەباوە ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە. سامان جاف ئاماژەی بەوەش کردووه، بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە، ناوبراو زیانی جەستەیی گەورەی بەرکەوتووە و توانای پیاوەتی لەدەستداوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سامان جاف ئاشکرای کرد، ئەندامانی بەرەی گەل گومانیان لە لێژنەی پزیشکی سلێمانی هەیە. هەر بۆیە داوایان کردووە وەزارەتی تەندروستی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم کەیسە و ئەنجامی پشکنینەکان بدات.
پێشتر حەمەڕەش وەک یەکێک لە گیراوانی لالەزار، لەبەردەم دادگا و بە ئامادەبوونی لاهور تاڵەبانی و چەندین سەرکردەی بەرەی گەل، ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بە کارەبا ئەشکەنجە دراوە. دۆسیهكهی ئهو یەکێکە لە کەیسە هەستیارەکانی پەیوەست بە دەستگیرکراوانی لالەزار و گوتهكانی کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.