پایتەخت

ئەمریکا و ئێران هەڕەشە لەیەکتر دەکەن

ئەمریکا و ئێران هەڕەشە لەیەکتر دەکەن
کورتە

بۆیەکەمجار دوای واژۆکردنی 'یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد'، زنجیرە هێرشێکی فراوان لە نێوان ئێران و ئەمریکا سەریهەڵدایەوە.

گرژی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا دووبارە سەریان هەڵدایەوە، هەردوولا دەیان هێرشیان کردە سەر پێگە سەربازییەکانی یەکتر.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی سوپای پاسداران کردوویانەتە سەر ژمارەیەک کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز و پێشێلکردنی ئاگربەست، زیاتر لە 80 پێگەی سەربازییان لە ئێران کردە ئامانج، وەک، بەلەمی بچووک، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، وێستگەی راداری کەناراوەکان و توانای مووشەکیی دژە کەشتیی.

لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاند، 85 پێگەی سەربازیی ئەمریکایان لە بەحرەین و کوەیت کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی، وە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی (MQ-9)ـی لە ئاسمانی بوشەهر خستە خوارەوە. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دا و گووتی: "هەر هەنگاوێک دەگرینەبەر، کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە پێویست بێت."

لەلای خۆیەوە، مارک رووتە، سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند: "پێشبینی دەكەم ئەندامانی ناتۆ داوا لە ئێران بكەن گەرووی هورمز بكاتەوە، هێرشەکانی سەر ئێران زۆر پێویست بوو، چونکە کاتێک کە بە ئاشكرا و بەردەوام ئاگربەست پێشێل دەکەیت، دەبێت ئەمریکا بە بەهێزی وەڵامت بداتەوە."

جێی باسە تەنیا سێ هەفتە بەسەر واژۆکردنی 'یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد' لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران تێپەڕیوە، لەوکاتەوە تا ئێستا هەردوولا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دەکەن، ئەگەر بێت و لایەنی بەرامبەر ئاگربەست پێشیل بکات.

08 تەمموز 2026 10:04
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026