تۆمەتباری ڕووداوەکەی پیرزین دەستگیر کرا
وردەکاریی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک پاش گەیاندنی بۆ فریاکەوتنی ڕۆژهەڵات.
دوای کوژرانی هاووڵاتییەک هێزەکانی پۆلیسی هەولێر لە ماوەیەکی کەمدا توانیان تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە دەستگیر بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیس ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی ڕووداوێکی تەقەکردن لە سنووری بنکەی پۆلیسی پیرزین.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا، هاووڵاتییەک بە ناوی 'حسێن فەهمی' بە سەختی بریندار بووە، و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵات، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەی پۆلیسی هەولێر هاتووە، لە پاش ڕووداوەکە، هێزەکان دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد کردووە و لە ماوەیەکی کورتدا توانیویانە تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە بە ناوی (م. ص. م) دەستگیر بکەن.
لە کۆتایی دا پۆلیسی هەولێر دووپاتی کردەوە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە بە مەبەستی تەواوکردنی تەواوی ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر بە تۆمەتبارەکە.