ژن و مێردە بەریتانییەکەی ئێران 10 ڕۆژە مانیان گرتووە
ژن و مێردێکی بەریتانی خەریکە لە زیندانێکی ئێران گیان لەدەست دەدەن؛ بزانە بۆچی سزا دراون.
سەرەڕای تێکچووی دۆخی تەندروستییان، ئێران ڕەتی دەکاتەوە دوو زیندانی بەریتانی چاودێری تەندروستی وەربگرن و ڕێگەشیان پێ نادات پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئەمریکی لە ئێران، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند، هەر یەک لە لیندسی و کرایگ فۆرمان، ئەو ژن و مێردە بەریتانییەی کە تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 60 ساڵ دایە و بە تۆمەتی "سیخوڕی" کردن لە ئێران دەستگیر کرابوون، لەبەر دۆخی خراپی زیندان مانیان لە خواردن گرتووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەم ئاژانسە، ئەم دوو زیندانییە 16 کیلۆ لە کێشیان دابەزیوە. لیندا ماوەی 10 ڕۆژە هیچ پشکنینێکی تەندروستی وەرنەگرتووە، سەرەڕای ئەوەی تووشی گێژبوون، لەرز و بێتاقەتییەکی زۆر بووە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئەمریکی لە ئێران دا هاتووە، لەم دوایانەدا ڕێگە بە لیندسی و کرایگ فۆرمان دراوە پەیوەندی بە پارێزەرەکانیانەوە بکەن، بەڵام ڕێگە نەدراوە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە خێزانەکانیان بکەن. هاوکات ئەو دەرمان، چاویلکە، کتێب و پێداویستییانەی لەلایەن باڵیۆزخانەی بەریتانیاوە بۆیان نێردرابوون، نەگەیشتووەتە دەستیان، سەرەڕای ئەوەی کەلوپەلەکان لەلایەن تیمی تەندرووستی و بەرپرسانی زیندانەکە پەسەند کرابوون.
ئەم ژن و مێردە بەریتانییە لە مانگی یەکی 2025 لەکاتی گەشتکردن بە نێو ئێران بە مانتۆڕ، دەستگیرکران و بەتۆمەتی "سیخوڕی کردن" لە مانگی شەشی ئەمساڵ بە 10 ساڵ زیندانیی سزا دران. هەردووکیان تۆمەتەکیان ڕەتکردووەتەوە و جەختییان کردووەتەوە، کە هیچ بەڵگەیەک لە دژیان نەخرابووە ڕوو و هیچ هەلێکیشیان پێ نەدراوە تا لە دادگا بەرگری لە خۆیان بکەن.
دوای ڕاگەیاندنی ئەم سزایە بە سەریاندا، یڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەم سزایانە بە تەواوی قێزەون و بێ پاساون، ئێمە بێوچان لەگەڵ حکومەتی ئێران لەسەر ئەم کەیسە بەردەوام دەبین، تاوەکو کرایگ و لیندسی بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە بەریتانیا."