پایتەخت

بارانێکی بێوێنە لە مانگی 9دا دەست پێدەکات

بارانێکی بێوێنە لە مانگی 9دا دەست پێدەکات
کورتە

زانیاری ورد لەسەر بارانبارین و به‌فر و ته‌رزه‌ له‌ مانگەکانی ئاب و ئەیلوول.

هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2026دا ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە کەشوهەوادا دەبێتەوە، کە تێیدا پێشبینی بارانبارینی زۆر و شەپۆلی ساردی پێشوەختە دەکرێت. ئەم گۆڕانکارییانە دوای هاوینێکی تا ڕادەیەک جێگیر دێن کە تێیدا پلەکانی گەرما لە ئاستێکی ئاساییدا ماونەتەوە.

ئەمڕۆ ئاراس جەبار و شاڵاو هیدایەت، شارەزایانی کەشناسی بڵاویانکردەوە، کەشوهەوای هاوین و پایزی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو جیاواز دەبێت. بەپێی گوتەی ئەو شارەزایانە، پلەکانی گەرما لە مانگی 7دا تا ئێستا لە ئاستێکی جێگیردا بوون و تەنها لە نێوان 10 بۆ 16ی مانگدا ئەگەری شەپۆلێکی گەرمای کاتی هەیە، بەڵام دواتر بەهۆی کاریگەری بارستە هەواکانی دەریای ناوەڕاستەوە پلەکانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.

سەبارەت بە پێشبینییە درێژخایەنەکان ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی دیاردەی ئێڵ نینۆ و گۆڕانکاری لە زەریاکاندا، پایزی 2026 دەبێتە وەرزێکی پڕباران و مێژوویی. پێشبینی دەکرێت لە مانگی 9دا بارانبارین دەست پێبکات و لە مانگی 10دا بارانی باش ببارێت، تەنانەت ئەگەری بارینی بەفری پێشوەختە و دروستبوونی لافاو و تەرزەی گەورە لە ئارادایە. دەزگای کەشناسی ئەوروپیش پشتڕاستی کردووەتەوە کە بارانبارینی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول و تشرینی یەکەم لەسەرووی ئاستی ئاسایی دەبێت.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە وەرزی زستانی 2026-2027 وەک پڕبارانترین وەرز لە 7 ساڵی ڕابردوو وەسف دەکرێت. شارەزایان پێیان وایە کە ئەمساڵ زەوی زووتر پەڵە دەدات و سروشتی ناوچەکە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت.

بەگشتی هەرێمی کوردستان ساڵانە لە ژێر کاریگەری بەرزەپەستانی جیاوازدایە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کاتی دەستپێکردنی وەرزەکان هەیە. ئەمساڵ بەهۆی تێکەڵبوونی چەندین دیاردەی سروشتی لە زەریاکاندا، پێشبینی دەکرێت سیستمێکی کەشوهەوای نوێ ناوچەکە بگرێتەوە.

06 تەمموز 2026 11:41
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026