Banner
پایتەخت

عێراق دەست بە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی دەکات

عێراق دەست بە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی دەکات
کورتە

عێراق لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دەست بە توێژینەوە بۆ بنیادنانی وێستگەی ئەتۆم دەکات.

عێراق توێژینەوە بۆ بنیادنانی وێستگەیەکی ئەتۆمی دەکات و پێشبینی دەکرێت پڕۆژەکە پێویستی بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار بێت.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی سەباح لە زاری د. مونیر کازم، جێگری سەرۆکی لێژنەی وزەی ئەتۆمی عێراق ئاشكرای کرد، لێژنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەیەکی دیکە باڵای شارەزا لەسەر توێژینەوەیەکی سەرەتایی کار دەکەن، بۆ بنیادنانی وێستگەیەکی وزەی ئەتۆمی، لە چوارچێوەیەک کە لەگەڵ ستانداردی جیهانی بگونجێت.

د، مونیر کازم ڕوونی کردەوە، توێژینەوەکە پێکدێت لە گەڕان بەدوای شوێنێکی گونجاو بۆ بنیادنانی وێستگە ئەتۆمییەکە، هاوکات لەگەڵ هەردوو وەزارەتی سامانەکانی ئاو و کارەبا کار دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن پێویستیییەکانی ئاو و کارەبا و توانی عێراق بە گشتی بۆ بنیادنانی وێستگەکە دیاری بکەن.

د. درید عەبدوڵڵا، شارەزای وزە شیکردنەوەیەکی وردتر بۆ ئەم پڕۆژەیەی پێشکەش کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، قسەکردن لەسەر بنکەی کارەبای ئەتۆمی بەو مانایە نییە کە جێبەجێکردنی نزیکە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە پڕۆژەکە چووەتە قۆناغێکی سەرەتاییی درێژ و ئاڵۆز، کە پێویستی بە ژێرخانی گونجاو، یاسادانان و سەرمایەکی زۆر گەورە هەیە.

بەگوێرەی پێشبینیییەکانی د. درید عەبدوڵڵا، تێچووی بنیادنانی وێستەگەیەکی ئەتۆمی کە توانای یەک گێگاواتی هەبێت، 8 ملیار دۆلارە، ئەمەش جگە لە تێچووی چاودێری نێودەوڵەتی و وزەی ئەتۆم، هاوکات پڕۆسەی بنیادنانیشی بەلایەنی کەمەوە 6 ساڵ دەخایەنێت.

ئەم شارەزای وزەیە جەختیش دەکاتەوە، کە بنیادنانی وێستگەی ئەتۆمی چارەسەرێکی خێرای قەیرانی کارەبا نییە لە عێراق، بەڵکو پڕۆژەیەکەی ستراتیژی درێژخایەنە کە پێویستی بە ئامانجێکی سەقامگیر هەیە، کە بۆ چەندین دەیە بەردەوام دەبێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییە سیاسییەکان، هاوکات لە هەماهەنگی تەواو دا بێت لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

جێگەی باسە عێراق ژێرخانی توێژینەوە و پڕۆژەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی ئەتۆمی لە چەندین دەیەی ڕابردووەوە هەبووە، بەڵام زۆربەیان وەستاون و تەواو نەکراون، ئەمەش وای کردووە زۆربەی جارەکان لە سەرەتاوە دەست بە بنیادنانی بکەنەوە.

06 تەمموز 2026 10:26
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026