وەرگرتنی پارەی مۆلیدە حەرام کرا
وەرگرتنی پارەی مۆلیدە بە بێ پێدانی کارەبا حەرام کرا
پرسی وەرگرتنی پارەی مانگانەی مۆلیدە ئەهلییەکان بەبێ پێدانی کارەبا خرایە چوارچێوەی ڕێسا شەرعییەکانەوە، بەپێی فتوایەکی نوێ هەر جۆرە وەرگرتنی پارەیەک بە ناوی خەرجیی پاسەوان و شۆفێرەوە بە حەرام کرا.
م. مەلا جەمال، سەرۆکی لێژنەی فتوای قەڵادزێ ئاگادارییەک ئاڕاستەی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان دەکات ئاماژەی بەوە کردووە، وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک لە هاووڵاتییان بەبێ پێدانی کارەبا، بە هەر بیانویەک بێت، لە ڕووی شەرعەوە حەرامە.
م. مەلا جەمال ڕوونیکردەوە، بوونی خەرجییەکانی وەک مووچەی شۆفێر و پاسەوانی مۆلیدە نابێتە بیانوو بۆ وەرگرتنی پارە لە خەڵک، چونکە ئەو خەرجییانە لەسەر خاوەن مۆلیدەکەیە و هاووڵاتییان تەنها پارەی ئەو کارەبایە دەدەن کە بەکاری دەهێنن.
سەرۆکی لێژنەی فتوای قەڵادزێ ئەوەشی خستووەتە ڕوو، تەنانەت ئەگەر حکومەتیش ئەو بڕە پارەیەی وەک قەرەبوو بۆ دیاری کردبن، هێشتا وەرگرتنی لە خەڵک حەڵاڵ نییە.
لە کۆتاییدا م. مەلا جەمال، دەستخۆشی لەو خاوەن مۆلیدانە دەکات، ئامادەنەبوون ئەو پارەیە لە هاووڵاتییان وەربگرن و جەختیش دەکاتەوە، ئەو مۆلیدانەی کارەبایان داوە، مافی شەرعی و یاسایی خۆیانە پارەی کارەباکەیان وەربگرن.