بە فەرمانی مەسرور بارزانی پڕۆژەی ڕێگای کۆڕێ - شەقڵاوە – قەندیل تەواو دەکرێت
پڕۆژەی ڕێگای کۆڕێ – شەقڵاوە - قەندیل و تونێلەکانی میراوە و ماوەران لە تەواوبوون نزیکدەبنەوە
بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل و هەردوو تونێلی میراوە - ماوەران گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و پێش وادەی دیاریکراوی خۆیان لە تەواوبوون نزیک دەبنەوە.
ئەمڕۆ پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل و هەردوو تونێلی میراوە - ماوەران قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و لە ئێستادا نهخشی كۆتایی وەرگرتووە.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پڕۆژە نیشتمانییە لە چوارچێوەی دیدگای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ڕێگەوبانەکان جێبەجێ دەکرێت و بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کارەکانی پڕۆژەکە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی بەرەو کۆتایی دەچێت.
لە بڵاوکراوەکەی پارێزگای هەولێر هاتووە، پڕۆژەکە بە گوژمەی 95 ملیار دیناری عێراقی و بە ڕێنوێنی سەرۆکی حکومەت، بە تەواوی لەلایەن کۆمپانیا نیشتمانییەکان و ئەندازیارانی ناوخۆیی بە کوالێتییەکی بەرزی جیهانی بنیات نراوە.
لە کۆتایی دا پارێزگای هەولیر ڕوونیکردەوە، ئەم پڕۆژە گرنگە دروستکردنی ڕێگایەکی خێرای دوو ساید بە درێژی 10 کیلۆمەتر، تەواوکردنی هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران، لەگەڵ 3 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی مۆدێرن لەخۆدەگرێت.