خورشید هەرکی و براکەی دەستگیرکران
پۆلیسی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی لەسەر دەستگیرکردنی خورشید هەرکی و براکەی بڵاوکردەوە.
پۆلیسی هەولێر خورشید هەرکی و براکەی بە تۆمەتی چەندین تاوانی جیاواز دەستگیر کرد و دڵنیایی دەدات، کە ڕێگا بە هیچ تاوانبارێک نادرێت ئاسایش و ئارامی وڵات تێکبدات.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوای هەبوونی سکاڵا لە دژ هەر یەک لە تاوانبار خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیفی برای لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەمرۆ لە 5-7-2026 لەسەر فەرمانی دادگا هەردوو ناوبراو دەستگیر کران و لە ماوەی داهاتوو لەسەر تاوانەکانیان دادگایی دەکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس هەولێر، خورشید لەتیف، ناسراو بە (خورشید هەرکی) و حەیدەر لەتیفی برای تۆمەتبارن بە ئاژاوە نانەوە و کێشە، دەستدرێژی کردنە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی، شەهید کردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک، سوتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە، هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیری گشتی، ڕێگری کردن لە پرۆژەکانی حکومی، هەڕەشەکردن بە تێکدانی ژێرخانی ئابووری لە شوێنی جیاجیای قەزای خەبات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر دا هاتووە، لێرەدا هاووڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە کە سەر و ماڵیان پارێزاوە و یاسا سەروەرە، ڕێگا بە هیچ تاوانبارێک نادرێت ئاسایش و ئارامی وڵات تێکبدات و ئاژاوەگێڕی بکات.