Banner
پایتەخت

پلانی ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنی عێراقچی و قالیباف

پلانی ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنی عێراقچی و قالیباف
کورتە

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز زانیاری لەسەر هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئێران ئاشکرا کرد.

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش، ئیسرائیل لە هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئێران نەوەستاوە و بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان داوە، ئەگەر ئەم کارەی بکردبایە جەنگێکی دیکە بەرپا دەبوو.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێكدا لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەر یەک عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی ئەگەری هەیە ئیسرائیل لە کاتی دانوستانەکان هەوڵی تیرۆرکردنیان بدات.

بەگوێرەی زانیاری ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، بەرپرسانی ئەمریکا هەر لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتن لە 8-4-2026، گوومانیان کردووە لەوەی ئیسرائیل هەوڵی تیرۆرکردنی شاندەکەی ئێران دەدات و داوایان لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە تاران لەم پلانە ئاگادار بکەنەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکە لە 28-2-2026، ئیسرائیل دەستی بە تیرۆرکردنی بەشێکی زۆری بەرپرسە باڵاکانی ئێران کرد، دەکرا قالیباف و عێراقچیش ئامانجی ئیسرائیل بان لەم هێرشانەدا، چونکە ئیسرائیل هەندێک بەرپرسی تیرۆرکرد، کە ئەمریکا دەیتوانی دانوستانیان لەگەڵ بکات، وەک عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و کەمال خەرازی، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەر بێت و ئیسرائیل شاندی دانوستانکاری ئێرانی تیرۆر کردبا، هیچ هیوایە بۆ ڕێککەوتن نەدەما و بەئەگەری زۆرەوە جەنگێکی دیکەی بەدوادا دەهات.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، لە مانگی سێی ڕابردوو، بەرپرسانی پاکستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو، ئیسرائیل هەریەک لە عێراقچی و قالیبافی لە لیستی تیۆرکردن دەرهێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی پاکستان داوای لە ئەمریکا کردبوو ڕێگری لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنیان بدات، چونکە تیرۆرکردنی ئەم دوو بەرپرسە وا دەکات "کەس نەمێنێت لە بەرپرسان تا دانوستانی لەگەڵ بکەن."

بەگوێرەی نیویۆرک تایمز، پێشووتر لە جەنگە 12 ڕۆژییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی شەشی 2025 و جەنگەکەی ئەمساڵ، قالیباف دوو جار لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ڕزگاری بووە و لە هەردوو هێرشەکەشدا لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە دەرهێندراوە.

03 تەمموز 2026 20:24
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026