Banner
پایتەخت

32 ملیار دیناری لە قووڵایی 20 مەتر حەشاردابوو

32 ملیار دیناری لە قووڵایی 20 مەتر حەشاردابوو
کورتە

ئەوەی لە کێڵگەیەکی بەرپرسێکی باڵای عێراق دۆزراوەتەوە، هەمووانی شۆک کردووە.

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، پارەیەکی خەیاڵی لە کێڵگەیەکی سەرۆکی پێشووی لێژنەی دارایی عێراق دۆزرایەوە.


میدیا عێراقییەکان ئاشكرایان کردووە، دوێنێ شەو هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بابل هەڵییانکووتایە سەر کێڵگەیەکی هەیسەم جبووری، سەرۆکی پێشووی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و راوێژکاری مەستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، تێیدا بڕی 32 ملیار دینارییان دۆزیوەتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە پارەکە لە نێو قاسەیەکدا بە قووڵایی 20 مەتر لە ژێر زەوی دا نێژرا بوو، دیوارێکی کۆنکریتی سێ مەتریی بەسەرەوە بووە، لەژێر قاسەکەشدا خەندەقێکی درێژ هەبووە کە بۆ 95 مەتر بەرەو دەرەوەی کێڵگەکە درێژ دەبوویەوە و دەچێتەوە سەر دەرچەیەکی نهێنی لە دەرەوەی کێڵگەکە، کە بە یەکێک لە ماڵەکانی بەستراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیاری ئەم سەرچاوە عێراقییانە، تەنیا شکاندنی قاسەکە 4 کاتژمێری پێویست بووە و 3 حەفارەی زەبەلاح و حەفارەیەکی کۆنکریت شکێن کارییان تێدا کردووە.



جێگەی ئاماژەپێدانە پێشووتر لە 30-11-2022، بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی 'دزی سەدە'، بردنی 2.5 ملیار دۆلار لە پارەی دەستەی باجەکان لە بانکی رافیدەین، هەیسەم جبووری دەستگیرکرا.

تا دێت ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق فراوانتر دەبێت و دوێنێ ناوچەکانی تکریت، شەرگات، عەلەم، دیالە و چەندین ناوچەی دیکەی گرتووەتەوە. ڕۆژنامەی 'ئەل عەڕەبییە جدید'ـی قەتەڕی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرای کردووە، حکومەتی عێراق لەگەڵ پۆلیسی ئینتەرپۆل کار دەکات بۆ ئەوەی ئەو گەندەڵکارانە دەستگیر بکات، کە عێراقییان بەرەو وڵاتانی تورکیا، لوبنان، ئیماڕات و ئێران جێهێشتووە.

01 تەمموز 2026 10:46
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026