Banner
پایتەخت

پۆلیسی ئینتەرپۆڵ هاتە نێو کەیسی گەندەڵکارانی عێراق

پۆلیسی ئینتەرپۆڵ هاتە نێو کەیسی گەندەڵکارانی عێراق
کورتە

هەندێک لە بەرپرسە گەندەڵکارەکانی عێراق وڵاتیان جێهێشتووە؛ بزانە بەرپرسانی عێراق چ ڕێکارێک بۆ دەستگیرکردنیان دەگرنەبەر.

ئۆپەراسیۆنەکەی دەستیگرکردنی بەرپرسانی گەندەڵکار تەنیا لە عێراق نامێنێتەوە و پەل بۆ وڵاتانی دەرەو دەکێشێت، بەرپرسانی عێراق پەیوەندی بە پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە دەکەن.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی 'ئەل عەڕەبییە جدید'ـی قەتەڕی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسە گەندەڵکارەکانی وڵاتەکە، دەستگیرکردنی زیاتر 50 بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتاری لێکەوتووەتەوە، کە زۆربەیان گەندەڵییان لە وەزارەتەکانی کارەبا و نەوتدا کردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە سەرچاوە دادوەرییەکان کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، دانپێدانانە سەرەتاییەکان و ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە تۆمەتباربوونی چەندین کەسی دیکە دەکەن، وەک بەرپرسانی پێشوو و هی ئێستاش، بریکار و جێگری بریکار، خاوەن کۆمپانیا، ئەمەش وا دەکات ئامانجی لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنەکان تۆڕێکی ئاڵۆزی ئابووری بگرنەوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتی ئەل عەڕەبییە جیدید دا هاتووە، بەرپرسانی عێراق لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی لیستێکی نوێی ناوی ئەو کەسانەن کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن، هەندێکیان عێراقیان بەرەو وڵاتەکانی تورکیا، ئیماڕات، لوبنان و ئێران جێهێشتووە و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ پۆلیسی ئینتەرپۆڵ، دەستگیر بکرێن و ڕەوانەی عێراق بکرێنەوە.

ئینتەرپۆڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و تایبەتە بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی لەلایەن وڵاتانەوە داواکراون؛ 195 وڵات ئەندامی رێکخراوەکەن، کە عێراق یەکێکیانە.

داتای لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان پێشبینی دەکەن هەڵمەتەکە لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەستگیرکردنی زیاتر لە 100 بەرپرس بگرێتەوە، تا ئێستاش ئەو بڕە پارانەی دەستییان بەسەردا گیراوە، بە 750 ملیار دینار دەخەملێندرێن. هەر بۆ نموونە، بەس دوێنێ دووشەممە 29-6-2026 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕی 11 ملیۆن دۆلار و 4 ملیار دیناری لە ماڵی عەلی مەعارج، بریکاری وەزیری نەوت دا ڕاگەیاند.


30 حوزەیران 2026 10:52
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026