پایتەخت

عه‌لی باپیر: چیتان پێ دەکرێ بۆ کەرتی غەززە بیکەن و درێغیی مەکەن

عه‌لی باپیر: چیتان پێ دەکرێ بۆ کەرتی غەززە بیکەن و درێغیی مەکەن
کورتە

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كات پشتیوانی له‌ موسوڵمانانی غه‌ززه‌ بكات

لەدوای ئەوەی هۆشداریی تووند دەدرێت لە مەترسی ژیانی دانیشتوانی غەززە، عەلی باپیر داوای هاوکاری کردن دەکات و دەڵێت: " داوا لە هەر مسوڵمانێکی غیرەتدار دەکەم، چی پێ دەکرێ بۆ کەرتی غەززە و فەڵەستین بە گشتی درێغیی نەکەن".

 

دەقی نووسراوەکەی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان:

موسوڵمانینە! چی پێتان دەکرێ بۆ خەڵکی غەززە بیکەن

غەززەییەکان بە ژن و پیاوو منداڵ و ساغ و نەخۆشەوە بە بەرچاوی دنیاوە: دەکوژرێن و لە برسان دەمرن، دنیای ئەم ڕؤژگارە کە زلهێزە دڕندەکان تێیدا باڵادەستن و، بەرپرسانی وڵاتانی مسوڵماننشینیش تێیدا، زەبوون و پەست و بێ هەست و نەست و بێ هەڵوێستن، بەڵام ئەو دۆخە ئەرکی بەرپرسیارێتییمان لەسەرشان لانابات بۆیە:

 

داوا لە هەر مسوڵمانێکی جوامێر و ڕەسەن و، هەر مرۆڤێکی بە جەوهەر و غیرەتدار دەکەم، لە کوردستان دا، چی پێ دەکرێ بۆ مسوڵمانانی کەرتی غەززە و فەڵەستین بە گشتی درێغیی نەکەن و، زۆریش وریابن لە ڕێچکەی لارو لادەر و بیرۆکە ژەهراوییەکانی ڕەبیع مەدخەلیی و شوێنکەوتووانی لاساییکەرەوەی کوێرانەی، کە زوڕنا ژەن و ماستاوچیی حوکمڕانە میراتیی و بنەماڵەیی و خۆسەپێنەکانن و، زۆر کەسی بێ زانیاریی و کوێرانە شوێنکەوتوویان، شەرمەزاری لای خەڵک لە دنیاداو، گوناهبار و ڕیسوای لای خوا، لە بەرزەخ و قیامەت دا کردوە.

 

ئەوانەش کە بە پاڵنەری ئیمان یان هاندەری ویژدانی زیندوویان، هەر قسەیەکیان کردوەو، هەر هەنگاوێکیان ناوەو، هەر ئەندازەیەکیان بەخشیوە، شایستەی سوپاس و پێزانینن و، کەسانی دژو پێچەوانەشیان، وێڕای لە ئیسلام و ئیمان دوورییان - لەو هەڵوێستەیان دا – لە ویژدان و مرۆڤایەتییشەوە دوورن.

 

بێگومانیش مسوڵمانە مەردو ئازاو فیداکارەکانی غەززە و فەڵەستین، دەرووی خێریان هەر لێ دەکرێتەوە و، قەوارەی زایۆنییش هەر لەبەر یەك هەڵدەوەشێ و، ئەوکاتەش بەرگریی لێکارانی غەززەیی و فەڵەستینییەکان، شادو سەربەرزو، پشت بەردەرە بێ هەڵوێستە وابەستەو دابەستەکانی حوکمڕانە بڵح و گوێ لە مستەکانی زلهێزان و قەوارەی زایۆنییش، جگە لە سڕینی ئارەقەی شەرمەزاریی هیچیان بۆ نامێنێتەوە.

 

عەلی باپیر

١ صفر ١٤٤٧ك

٢٦/٧/٢٠٢٥ز

 

 

26 تەمموز 2025 21:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025