Banner
پایتەخت

عەلی زەیدی لەبارەی پارەی گەندەڵکاران وەزارەتی دارایی راسپارد

عەلی زەیدی لەبارەی پارەی گەندەڵکاران وەزارەتی دارایی راسپارد
کورتە

پارە دەستبەسەرکراوەکانی گەندەڵکاران چییان بەسەر دێت؟ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێکاری نوێی گرتەبەر.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی بۆ هەڵگرتن و پاراستنی سامانی گشتییە دەستبەسەرکراوەکانی گەندەڵکاران ڕاسپارد.

ئەمڕۆ دووشەممە، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی راسپاردووە تا هەژمێرێکی بانکی تایبەت بە پارەی ئەو گەندەڵکارانە بکاتەوە، کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

حەیدەر عەبوودی لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاشكرای کردووە، کە حکومەت لە ئەرکە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی سامانی گشتی بەردەوام دەبێت و دڵنیایی لە پلانێکی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگییەکانی بەردەم ریفۆڕم و ڕووبەڕووبەنەوەی گەندەڵی دەدات.

 گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دادگا لە کەیسی بەرپرسە دەستگیرکراوەکاندا لێدوانی بۆ میداکان داوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەر وەک چۆن ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەکی ئاشكرا بۆ ڕایی گشتی خرایەڕوو، ئەنجامەکانیش بە هەمان شێوە بڵاودەکرێنەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێری سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا توانرا نزیکەی 70 بەرپرسی باڵای وڵاتەکە دەستگیر بکرێت، هاوکات نزیکەی 200 کەس "بەتۆمەتی گەندەڵی" کراونەتە ئامانجی دەستگیرکردن و پلانی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ماوەی 6 مانگ بەردەوام دەبێت.

29 حوزەیران 2026 14:29
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026