Banner
پایتەخت

1000 کەس گیانیان لەدەستدا

1000 کەس گیانیان لەدەستدا
کورتە

ورده‌كاریی مه‌رگی به‌ كۆمه‌ڵی هه‌زار هاووڵاتی به‌ساڵاچوو له‌ فه‌ره‌نسا به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما.

شەپۆلێکی تووندی گەرما کە پلەکانی گەرمی تێیدا لە 40 پلەی سیلیزی تێپەڕیوە، بەشێکی فراوانی کیشوەری ئەوروپای گرتووەتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس دروست کردووە.

ئەمڕۆ تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی هۆکاری سەرەکی ئەم شەپۆلە خنکێنەرەن کە ئەوروپای گرتووەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ژێرخانی شارەکان لەم کیشوەرەدا بۆ بەرگەگرتنی ئەم جۆرە گەرمایە دیزاین نەکراون، ئەمەش مەترسییە تەندروستییەکانی بۆ سەر هاووڵاتییان زیاتر کردووە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات، نزیکەی 150 ملیۆن کەس لەژێر کاریگەریی ئەم دۆخە نالەبارەدایە و ژێرخانی وڵاتان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.

هاوکات ئاژانسی تەندروستی گشتی فەرەنسا بڵاوی کردەوە، تا ئێستا نزیکەی 1000 کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان کەسانی بەساڵاچوون.

ئەم شەپۆلە کە وڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا، پۆڵەندا و کۆماری چیکیشی گرتووەتەوە، زیانی بە کەرتی وزە و گواستنەوە گەیاندووە و بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانەوە، کێشە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دروست بووە.

هەرچەندە بەهۆی زریان و بارانەوە گەرما لە فەرەنسا کەمێک شکاوە و شەپۆلەکە بەرەو ناوەڕاستی ئەوروپا و ناوچەی بەڵکان دەڕوات، بەڵام وەزیری تەندروستی فەرەنسا هۆشداری دەدات، ده‌ڵێت: "کاریگەرییە تەندروستییەکانی ئەم شەپۆلە ڕەنگە تا 10 ڕۆژی دیکەش بەردەوام بن و پێویستە هاووڵاتییان ڕێکارە خۆپارێزییەکان پشتگوێ نەخەن."

ئەم شەپۆلە سەختەی گەرما لە 20 حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و وەک یەکێک لە تووندترین ڕووداوە کەشناسییەکان لە مێژووی ئەوروپادا تۆمار کراوە. پسپۆڕانی کەشوهەوا جەخت دەکەنەوە کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی زەوی، ئەم جۆرە شەپۆلە گەرمایانە لە داهاتوودا زیاتر و تووندتر دەبن.

29 حوزەیران 2026 09:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026