ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتە 67 کەس
عێراق لە گەندەڵی پاک دەکرێتەوە؟ بزانە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆندا چی ڕوویداوە.
ئۆپەڕاسیۆنەکەی دەستگیرکردنی بەرپرسە باڵاکانی عێراق بەردەوامە، کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا دادەنرێت و تا دێت ژمارەی دەستگیرکراوان بەرز دەبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی سەربەخۆی پرێس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنە 'دژە گەندەڵییەکە' لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێردا توانرا 67 کەس لە بەرپرسی باڵا و پەرلەماتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر بکرێن، بەمەش بووە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە چەند ساڵی ڕابردوو.
بە گوێرەی زانیاری ئەم سەرچاوە ئەمنییانە، بەشێک لە تۆمەتبارەکان توانیویانە لە نێوخۆی عێراق خۆیان حەشار بدەن، بەڵام ڕێکارە ئەمنییەکان بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیان نەداوە هیچ تۆمەتبارێک بتوانێت عێراق جێ بهێڵێت.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجی دەستگیرکردنی 200 تۆمەتبارە لە 72 کاتژمێری سەرەتایدا، ئەمەش بەشێکە لە پلانێکی فراوانی 6 مانگی بۆ زیندووکردنەوەی سامانی گشتی و سزادانی گەندەڵکاران.
دوێنێ شەو عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ یەکەمجار بە فەرمی ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکە کرد و ڕایگەیاند، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و ئەمە تەنیا سەرەتایە، هێز و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەمێننەوە و سامانی گشتیش بۆ خاوەنەکانیان (گەل) دەگەڕێندرێنەوە، ئەرکی ئەو پاسەوانیکردنی سامانی گەلە، ئەویش دەیپارێزێت.
دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسانەی عێراق لە کاتێکدایە، کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 28-6-2026 هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە فەرمانی عەلی زەیدی هەڵمەتێکی تووند و کتوپڕیان لە دژی گەندەڵی دەستپێکرد، هێزەکانی دژەتیرۆر بە تەواوی ناوچەی سەوزی بەغدایان گەمارۆدا و سەرجەم دەروازەکانیان داخست، ئەمەش پێش ئەوەی دەستبکەن بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان بەرپرسی باڵا و کەسایەتی سیاسی کاریگەر کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە دوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دوای دەستگیرکردنی لە مانگی رابردوو، دانپێدانانی مەترسیداری لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا کرد.