موژدەیەک بۆ خانەنشینانی کەرتی تایبەت
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەسیکۆدا و مووچەی خانەنیشنانی کەرتی تایبەت کۆدەبێتەوە
وابڕیارە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی گومرگ و سیستەمی ئەسیکۆدا و دیاریکردنی کەمترین مووچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت بدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، ڕۆژی چوارشەممە (24ـی حوزەیرانی 2026) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان عێراق لەبارەی دەروازە سنوورییەکان و سیستەمی ئەسیکۆدا و پێشنیازی تایبەت بە مووچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت دەکات.
لە تەوەری یەکەمدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆنووسی ڕێککەوتنی هەردوو شاندی گومرگیی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و هەڵگرتنی ئابڵووقەی دۆلار لەسەر هەرێمی کوردستان، پەسەند بکات و تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتوو کە پەیوەستن بە حکومەتی هەرێم، بکات.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی سیستەمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینیی کەرتی تایبەت دەکات کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێشنیازی کردووە کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکاران لە 500 هەزار دینار کەمتر نەبێت، کە ئێستا بڕی مووچەکەیان لە 150 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە یەک ملیۆن دینار.