پایتەخت

هەواڵێکی خۆش بۆ هاوسەرە نوێیەکان

هەواڵێکی خۆش بۆ هاوسەرە نوێیەکان
کورتە

مزگێنی بۆ هاوسەرە نوێیەکان؛ گۆڕانکاری لە پسوولەی خۆراکدا دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند کە پرۆسەی جیاکردنەوە و دەرکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراکی بۆ هاوسەرە نوێیەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە کارا کراوە، وە چارەنووسی ناوچەکانی ماددەی 140 نادیارە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئێستادا تەنها ئەو خێزانە نوێیانە دەتوانن فۆڕمی سەربەخۆ وەربگرن کە ناویان لەسەر پسوولەی ماڵی باوکی زاوا تۆمارکراوە، ئەم پڕۆسەیە کە پێشتر لە دهۆک و شارەکانی تری عێراق دەستی پێکردبوو، لە ئێستادا سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێم دەگرێتەوە و هاوسەرەکان دەتوانن لەگەڵ منداڵەکانیاندا خۆیان جیابکەنەوە.

 

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند: "لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغی دووەم دەستپێدەکات، کە تێیدا بووک و زاوا نوێیەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خۆیان تۆمار بکەن". هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەو خێزانانەی هەر یەکەیان لەسەر پسوولەی ماڵی باوکی خۆیانن، لە قۆناغەکانی داهاتوودا خزمەتگوزارییەکەیان بۆ کارا دەکرێت، بەڵام ئەوە کاتی زیاتری دەوێت.

 

سەبارەت بە دۆخی هاووڵاتییانی سنووری ماددەی 140، نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "تائێستا هیچ هیوایەک نییە بۆ ئەو خێزانانەی نیشتەجێی ناوچە جێناکۆکەکانن تا ببنە خاوەن پسوولەی ئەلیکترۆنی." شێخ کامیل جەختی لەوەش کردەوە کە وەک لایەنی پەیوەندیدار، هیچ ڕێنماییەکی فەرمییان لە حکومەتی فیدراڵەوە بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە میکانیزمی تۆمارکردنی ئەو هاووڵاتییانە لە سیستمە نوێیەکەدا.

23 حوزەیران 2026 00:23
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026