دوکاندارەکان سزا دەدرێن
بڕیارێکی نوێ بۆ خاوەنی دوکانەکانی جوانکاری دەرچوو
جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل لە سەرجەم دوکانەکانی جوانکاریی سنووری ڕاپەڕین قەدەغە کرا و سەرپێچیکارانیش ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە دوکانەکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێل نادرێت جامی ئۆتۆمبێلەکان ڕەش بکەن، هۆشداریی تووند دراوەتە خاوەن کارەکان کە هەر دوکانێک پابەندی ئەم ڕێنماییە نەبێت، ڕووبەڕووی سزای قورسی یاسایی دەبێتەوە.
ئامانجی ئەم بڕیارە بۆ ڕێکخستنەوەی باری ئەمنی و ڕێگریکردنە لە سەرپێچییەکان لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین.
لەلایەکی دیکەوە، عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ زانیاری و نووسراوێکی فەرمییان لەسەر ئەم بڕیارەی ئاسایش پێ نەگەیشتووە و وەک لایەنی هاتووچۆ ئاگاداری وردەکارییەکانی نین.