ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە لە لایەن د. عەبدولەتیفەوە
د. عەبدولەتیف: ئەم تۆمەتانە درۆن و بوختانن
د. عەبدولەتیف لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتدەکاتەوە بە بوختانی بەرنامە و پیلانێکی دڕێژراوی توندڕەوەکان ناودەبات و داوا دەکات دەستبەجێ کەیسەکەی یەکلابکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، د. عەبدولەتیف مامۆستای ئایینی و مامۆستای زانکۆ لە پلاتفۆرمی خۆی لە فەیسبوک پەیامێکی بە سوێندخواردن بە خودا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم هەڵمەتە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەیە، لە پەیامەکەدا دەڵێت: "تۆڕێکی پیس لە دەرەوە کە هەڵگری بیری داعشی و ئیلحادین، لەگەڵ کەسانێکی لادەر لە ناوخۆدا هاوپەیمانییان کردووە بۆ لێدانی کەسایەتی من."
لەبارەی شێوازی گوشارەکانەوە، ناوبراو ئاشکرای کرد کە کەسانێک هەندێک نهێنی کچانیان لایە و وەک کارتی فشار بەکاریان دەهێنن بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن شایەتی درۆم لەسەر بدەن، بە هەڕەشەی ئابڕووبردنەوە.
د. عەبدولەتیف لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ڕەخنەی تووندی لە بێدەنگی دەسەڵاتداران گرت و گوتی: "سەرسامم لە بێدەنگیی بەرپرسان بەرامبەر ئەو کەسانەی هانی خەڵک لە دژیان دەدەن، لە کاتێکدا میدیا سێبەرەکان بوونەتە سەکۆی بڵاوکردنەوەی ژەهری بوختانەکان."
ناوبراو پەیوەست بە پێگەی خۆی لە ناو زانکۆ ئاماژەی بەوە کرد و گوتیشی: "کە واژۆی سەدان قوتابی و داواکارییان بۆ ئەوەی وانەیان پێ بڵێمەوە، باشترین بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی من".
لە کۆتاییدا داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد بە شێوەیەکی ئاشکرا و شەفاف و بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوتابییەکان دادگایی بکرێت، نەک لە ژوورە داخراوەکاندا، بۆ ئەوەی ڕاستی و درۆی کەیسەکە بۆ ڕای گشتی دەربکەوێت.