یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان هاتە دەنگ
یەکگرتوو داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات و پەیامی بۆ لایەنە سیاسییەکان هەیە.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی هێزە سیاسییەکان دەکات و ڕایگەیاند، دواخستنی زیاتری کاراکردنەوەی پەرلەمان و کابینەی نوێ خزمەت بە دۆخەکە ناکات.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای ڕاوێژکاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجام دا، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی عەلی محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ڕاوێژکاری و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەچوو، هاوکات سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوو.
لە ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕاوێژکاری یەکگرتوو هاتووە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن لە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان و وەڵامدانەوەی خواستەکانی قۆناغە نوێیەکە.