ناو و ڕوخساری سکاڵاکاران دەپارێزرێت
دڵنیایی دەدرێتە سکاڵاکارانی کەیسی د. عەبدوللەتیف، ناو و ڕوخساریان ئاشکرا ناکرێت.
لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی د.عەبدولەتیف ئەحمەد دەستی بە کارەکانی کردووە، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی دڵنیایی بەو کەسانە دەدات، لە پاراستنی ناوەکانیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکانیان.
ئەمڕۆ د.یۆهان عوسمان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، وەک سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئامادەن هاوکاری تەواوی ئەو کەسانە بکەن کە دەیانەوێت سکاڵا لەسەر د. عەبدولەتیف ئەحمەد تۆمار بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن لە سەرۆکایەتی زانکۆ سکاڵاکانیان پێشکەش بکەن تاوەکو ڕەوانەی لێژنە تایبەتمەندەکە بکرێت.
د. یۆهان عوسمان دڵنیایی تەواوی دایە ئەو قوتابی و مامۆستایانەی دەیانەوێت سکاڵا تۆمار بکەن و گووتی: "ناو، ناونیشان و ڕوخساری بە تەواوی ئەو کەسانە لای زانکۆ بە پارێزراوی دەمێنێتەوە".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، خوازیاران دەتوانن بە شێوازی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خودی خۆیەوە بکەن تاوەکو کارئاسانییان بۆ بکات و ڕەوانەی لێژنەکەیان بکات بۆ وەرگرتنی گوتەکانیان.
ماوەی چەند ڕۆژێکە تۆمارێکی دەنگیی د. عەبدولەتیف ئەحمەد تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، کە لە لایەن چالاکوان بیلال مەحموود، ناسراو بە 'یاخی' بڵاوکراوەتەوە، لە بەرامبەردا ناوبراو دەنگەکە ڕەت دەکاتەوە و بە زیرەکیی دەستکردی دەزانێت، هاوکات زانکۆی سلێمانیش لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر کەیسەکە پێکهێناوە.
بیلال مەحموود، ئەو چالاکوانەی تۆمارە دەنگییەکەی بڵاوکردووەتەوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پایتەخت میدیا ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 4 ئافرەت وەک قوربانیی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان پێوە کردووە و قسەیان لەگەڵدا کردووە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، ژمارەی ڕاستەوخۆی قوربانییەکان لە نێوان 15 بۆ 20 ئافرەت دەبێت.
د. عەبدولەتیف ئەحمەد وەک مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی کار دەکات و هاوکات وتاربێژی مزگەوتی بەهەشتە لە شاری سلێمانی، پێشتریش ڕووبەڕووی کێشەی هاوشێوە بووەتەوە.
بەگوێرەی گوتەی ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی، ناوبراو پێشتر لە ساڵی 2015 لەسەر کێشەیەکی ئەخلاقی لەگەڵ ئافرەتێک بە ناوی (چ)، بووەتە هۆی ئەوەی پەیمانگەی زانستە ئیسلامییەکان بە تەواوی دابخرێت.