پایتەخت

کوردانی ڕۆژهەڵات ڕەخنە لە کوردانی باشوور دەگرن

کوردانی ڕۆژهەڵات ڕەخنە لە کوردانی باشوور دەگرن
کورتە

جیاوازییەکە گەورەیە؛ پێشوازیکردن لە تەرمی کچە عەرەبە 11 ساڵانەکە لەلایەن کوردانی ڕۆژهەڵاتەوە بە "ئەقڵییەتی داگیرکراو" وەسف دەکرێت.

هەڵمەتە بەرفراوانەکەی هاووڵاتییانی هەڵەبجە، هەورامان و خورماڵ بۆ دۆزینەوەی تەرمی کچێکی عەرەب، کاروانێکی ڕەخنەی تووندی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.

دکتۆرە نیکۆڵا، مامۆستای زانکۆ و کچی پێشمەرگەی 'دێرین ئەشرەف شاڵی' لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند: "مەگەر شەهید (غەزەڵ مەولان)، کچی خۆتان نەبوو؟! مەگەر شەهیدی کوردستان نەبوو؟! ئەی باشە بۆچی واتان بۆ کچەکەی خۆتان نەکرد؟!"

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی دکتۆرە نیکۆڵا دا هاتووە: "تکایە کەس باسی مرۆڤدۆستیم بۆ نەکات، چونکە ئەوەی بۆ ئەو مناڵە کراوە لە سنووری مرۆڤدۆستی تێپەڕیوە و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە تاکی کورد خاوەنی ئەقڵییەتی داگیرکراوە نەوەك تەنها خاکی داگیرکراو."


ئەم مامۆستای زانکۆیەوە جەختیش دەکاتەوە کە: "ڕزگاربوون لەجۆری دووەمی داگیرکاریی ئاسانە، بەڵام بەڵای ڕاستەقینە جۆری یەکەمی داگیرکارییە و خۆبەکەمزانینی کوردە و دڵڕازیکردنی ئەوانیترە، زۆرینەی عەرەب، کورد وەك نەوەی جنۆکە دەبینن واتا من و تۆ لای ئەوان نەوەی جنۆکەین."

ئەمە لە کاتێدایە، ڕۆژی سێشەممە 9-6-2026 منداڵێکی تەمەن 11 ساڵان بە ناوی رووقیە، خەڵکی کەربەلا بوو، لە سەرچاوەی زەڵم لە سەیرانگای ئەحمەدئاوا خنکا، لەو کاتەوە بۆ ماوەی نزیکەی 10 ڕۆژ تیمەکانی فریاگوزاری و خەڵكی خۆبەخشی ناوچەکە بە چڕی بەدوای تەرمەکەیدا و گەڕان و دوای دۆزینەوەشی، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبەبجە ڕایگەیاند، تەرمەکە لە مەراسیمێکی شایستە و شکۆدار بەرەو کەربەلا بەڕێ دەکرێت.

20 حوزەیران 2026 12:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026