فڕۆکەیەک بە 50 سەرنشینەوە لە ڕووسیا تێکشکا و کەوتە خوارەوە

لە رووسیا فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر تێکشکا و گومان دەکرێت سەرجەم سەرنشینان گیانیان لەدەستدا بێت
فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگری ڕووسیا بە 50 سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە و پێشبینی دەکرێت سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەسدا بێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، بەرپرسانی فریاکەوتنی رووسیا رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری جۆری ئانتۆنۆڤ AN-24، کە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی ئانگارا بووە و 50 سەرنشینی هەڵگرتبوو، لە گەشتێکدا بووە لە شاری بلاگۆڤێشێنسکەوە بۆ شاری تیندا، بەڵام پێش گەیشتنی بە تیندا، کە شارۆچکەیەکی دوورەدەستە لە هەرێمی ئامور لەسەر سنووری چین، لە رادارەکان ون بووە و دواتر لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتووەتە خوارەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، فڕۆکە تێکشکاوەکە لەلایەن هێلیکۆپتەرێکەوە لە ناوچەیەکی دارستانی چڕدا بینراوە و تیمەکانی فریاکەوتن بەرەو شوێنی رووداوەکە بەڕێکەوتوون، گومان دەکرێت سەرجەم سەرنشینەکانیش گیانیان لەدەستدابێت.
بە گوێرەی ڤاسیلی ئۆرلۆڤ، پارێزگاری هەرێمەکە، لە نێو قوربانییەکان پێنجیان منداڵ بوون و شەشیان کارمەندی فڕۆکەکە لەنێو فڕۆکەکەدا بوون.