مەسرور بارزانی: بەغدا دەیەوێت سوود لە ئەزموونی کوردستان وەربگرێت
پارێزگاری بەغدا ئاستی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.
پارێزگاری بەغدا ستایشی ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانییە هەمەلایەنەی کرد، کە لە هەرێمی کوردستاندا بەدی هاتووە، خواستی خۆی بۆ سوودوەرگرتن لەم ئەزموونە نیشان دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی، وردەکاریی دیدارێکی لەگەڵ عەتوان ئەلعەتوانی، پارێزگاری بەغدا بڵاوکردەوە کە تێیدا پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان تەوەرەی سەرەکی بووە.
لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان بەغدا، پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، بەئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بۆ هاووڵاتییان.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، پارێزگاری بەغدا ستایشی ئەو ئاوەدانی و گەشەپێدانە هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستانی کردووە و خواستی خۆی نیشانداوە بۆ سوودوەرگرتن لەم ئەزموونە سەرکەوتووە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا.
لە بەرامبەردا، مەسرور بارزانی ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکارییەکی پێویست لەگەڵ بەغدا و سەرجەم پارێزگاکاندا دەربڕیوە.