دەوامی مامۆستایان کەم کرایەوە
دەوامی مامۆستایانی گرێبەست بۆ چوار ڕۆژ کەم دەکرێتەوە.
بەپێی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی پەروەردە، دەوامی مامۆستایانی گرێبەستی ساڵی 2024 دەبێتە چوار ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، بە مەرجێک کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندن نەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕێنمایی نوێی لەبارەی ڕێکخستنی کاتەکانی دەوامی فەرمیی مامۆستایانی گرێبەست دەرکرد، بە ئامانجی هاوسەنگکردنی دابەشبوونی هێزی کار لە ناوەندەکانی خوێندندا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، دەوامی وانەبێژان و مامۆستایانی خاوەن گرێبەستی ساڵی 2024 لە دەستە جیاوازەکانی فێرکردندا دەکرێتە چوار ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، ئەم بڕیارە لە پێناو دادپەروەری و هاوشێوەکردنی دۆخی ئەواندایە لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی کە لە ساڵانی پێشوودا بە گرێبەست دامەزراون.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، ڕێکخستنی خشتەکانی دەوام بە شێوازێک دەبێت کە بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان و ڕاپەڕاندنی ئەرکە ڕاسپێردراوەکان مسۆگەر بکات، بڕیارەکەش لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2026-2027 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.