ئیسرائیل بەرهەمی خۆماڵی فەڵەستینییەکان بە هی خۆی لەقەڵەم دەدات!
داوا لە بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکرێت چاودێری چڕ بخەنە سەر هاوردە ئیسرائیلییەکان.
ڕاپۆرتی رێکخراوێکی مرۆیی زانیاری شۆکهێنەر لەسەر فێڵی بازرگانە ئیسرائیلییەکان لە دژی جووتیارە فەلەستینییەکان ئاشکرا دەکات.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی گرووپی مافی مرۆڤی 'گڵۆبەڵ ئێکۆ' ئاشكرا کرد، کە تێیدا دەرکەوتووە بازرگانان و هاوردەکارانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەردەوام بنەڕەت و سەرچاوەی ئەو بەرهەمانە دەگۆڕن، کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بەرهەهمهێندران، ئەمەش بەمەبەستی خۆدزینەوە لە پێدانی باج و بەهێزکردنی ئابووری جوونشینەکانی ناوچەکە.
گرووپی گڵۆبەڵ ئێکۆ لێکۆڵینەوەی بۆ زیاتر لە 30 هەزار ڕاپۆرتی هاوردەی بازرگانی ئیسرائیل بۆ بەریتانیان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی 8 ساڵی ڕابردوودا کردووە، دەرکەوت یەک لە شەشی ئەم ڕێژەیە بریتی بووە لە ناردنی بەرهەمی کشتوکاڵی کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و بەرزاییەکانی جۆلان لە سووریا بەرهەمهێندرابوون، 42%ـی ئەم بەرهەمانەش لەسەریان نووسرابوون لە "ئیسرائیل بەرهەمهێندراون".
لەمبارەیەوە ئێمیلی شایفەر، بەرپرسی گرووپی گڵۆبەڵ ئێکۆ ڕایگەیاند، "ئەمانە بە هەڵە و بە ڕێکەوت ڕوویان نەداوە، ئەمە سیستەمێکە بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا پەسندیان کردووە و پارێزگارییان لێ کردووە." بەم هۆیەوە ڕێکخراوەکە داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکات پێداچوونەوە بە هەناردەی ئەو بەرهەمانە بکات کە لە ئیسرائیلەوە دێن، هاوکات ڕێکاری یاساییش دەگرنەبەر ئەگەر بێتو دەسەڵاتی داهات و گومرگی بەریتانیا کێشەی پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوەی بەرهەمەکان چارەسەر نەکات.
شاردنەوەی سەرچاوەی بەرهەمەکانی فەڵەستینییەکان ڕێگە بە هاوردەکاران دەدات داوای باجی کەمتری هاوردەکردن بکەن، لە ئەنجامدا، میوە و سەوزەواتی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە فرۆشگاکانی ئەوروپادا دەبنە خاوەن توانایەکی زیاتری ڕکابەراییەتی، لە هەمان کاتدا داهاتی باجی حکومەتە ئەوروپییەکان کەمدەکەنەوە. ئەنجامی کۆتایی ئەوەیە کە کڕیاران و حکومەتە ئەوروپییەکان بەبێ ئەوەی بزانن پاڵپشتی دارایی کشتوکاڵی ناوچە جوونشینە داگیرکراوەکانی فەڵەستین دەکەن.