تەرمی کچە 11 ساڵانەکە دۆزرایەوە
دوای 9 ڕۆژ گەڕان، تەرمی کچە گەشتیارە عەرەبەکە لە چەمی زەڵم دۆزرایەوە
دواجار نیوەڕۆی ئەمڕۆ، تەرمی ئەو کچە گەشتیارە عەرەبەی لە سەیرانگای ئەحمەدئاوا خنکابوو، لە ناو ئاوی چەمی زەڵمدا دۆزرایەوە.
پەیامنێری پایتەخت میدیا لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر تەرمەکە دۆزراوەتەوە و لە ئێستاشدا تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە لە شوێنی ڕووداوەکەن، لە هەوڵێکی چڕیشدان بۆ دەرهێنانەوەی لە قووڵایی ئاوەکەدا.
ئەم کچە گەشتیارە ناوی (ڕوقییە)یە و تەمەنی 11 ساڵە، خەڵکی پارێزگای کەربەلایە و 9 ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشت سەردانی سەیرانگای ئەحمەدئاوای کردبوو.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە و خەڵکی دڵسۆزی ناوچەکە، شەو و ڕۆژ بەبەردەوامی لە گەڕان دابوون، تا دواجار نیوەڕۆی ئەمڕۆ توانرا تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.