120 ملیار دینارەکە کەم دەکرێتەوە؟
بۆ کێشەی 120 ملیار دینارەکە؛ شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغدا.
ماوەی چەند مانگێکە داهاتی ناوخۆی هەرێم کەمی کردووە وەزارەتی دارایی ناتوانێت داهاتی تەواوەتی نانەوتی رادەست بکات، بڕیارە شاندێکی باڵا بە مەبەستی کەمکردنەوەی 120 ملیارەکە سەردانی بەغدا بکەن.
د.فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ئێستادا تەنها بابەتی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ بووەتە کێشەی سەرەکی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوە کرد، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لەم ڕۆژانەدا شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێبکەوێت، هاوکات ئامانجی سەردانی شاندەکە گفتوگۆکردنە بۆ کەمکردنەوەی ئەم بڕە پارەیە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی هەرێم هەیە بۆ کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ.
گوتەبێژی حکومەت ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی فیدراڵ خۆی ئاگادارە و دەزانێت کە داهاتی ناوخۆیی لە هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمدا بە گشتی کەمی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەو 120 ملیار دینارەی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا نەکات، ئەوا ئەوان لەو مووچەیەی کە مانگانە تەمویلی دەکرێت بۆ هەرێم دەیبڕن و بڕە پارەیەکی کەمتر بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرن.