پایتەخت

گومرگی عێراق و هەرێم یەک دەگرێتەوە

گومرگی عێراق و هەرێم یەک دەگرێتەوە
کورتە

بۆ یەکەمجارە سیستەمێکی نوێ لە دەرەوازە گومرییەکان کاری پێدەکرێت.

شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەمەبەستی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی گرنگ لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان، بەرەو پایتەختی عێراق بەڕێدەکەوێت.

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، بڕیارە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەرەو شاری بەغدا بەڕێبکەوێت، ئەمەش بە مەبەستی یەکلاییکردنەوە و واژۆکردنی دۆسیەیەکی گرنگی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان و گومرگ.

ئەم شاندە لە نوێنەران و بەرپرسانی چەندین لایەنی پەیوەندیدار پێکهاتووە، لەوانە لێژنەکانی گومرگ، بازرگانی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و دەستەی کوالێتیی کۆنترۆڵ، کۆبوونەوەی ئەم لێژنانە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ بۆ چەسپاندنی هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان دەبێت.

پایتەخت میدیا زانیویەتی، ئامانجی سەرەکی لەم سەردانە فەرمییە واژۆکردنە لەسەر تەواوی وردەکارییەکانی لێکتێگەیشتنی تەکنیکی لە نێوان هەولێر و بەغدا، کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی سیستەمی جیهانیی ئەسیکۆدا (سیستەمی ئەلیکترۆنیی گومرگی) لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستنی ڕێکارە گومرگی و بازرگانییەکان لە نێوان هەردوولادا.

سیستەمی ئەسیکۆدا بۆ بەئەلیکترۆنیکردن، بەڕێوەبردن و مۆدێرنکردنی ڕێکارە گومرگییەکان لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکاندا بەکاردێت.

17 حوزەیران 2026 11:32
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026