هەموو کرێچییەک دەبێتە خاوەنی شوقە
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە ماوەیەکی نزیکدا سەدان یەکەی نیشتەجێبوون دابەش دەکات.
دوای نزیکەی ساڵێک لە وەستانی بڕیاری ڕاگەیاندنی ناوی سوودمەندبووان، پڕۆسەی دابەشکردنی سەدان یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشین و کەسانی کەمدەرامەتدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕاگەیاندنی ناوی سوودمەندبووان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون دواخرابوو، چونکە ئەنجوومەن ڕای وابووە پێویستە سەرەتا هەموو یەکەکانی نیشتەجێبوون بە تەواوی کۆتاییان بێت و پاشان ناوەکان ئاشکرا بکرێن بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ کلیلەکان ڕادەست بکرێن.
توانا بەشیر ئاماژەی بەوەش دا، لە ئێستادا بەشێکی ئەم یەکەی نیشتەجێبوونانە بە تەواوی کارەکانیان کۆتایی هاتووە و ئامادەن، بۆیە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ناوی سوودمەندبووان بڵاودەکرێنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕوونی کردەوە، ئەم قۆناغەی دابەشکردنە یەکەکانی نیشتەجێبوونی ناحیەی سەنگەسەر، قەزای کفری و سەیدسادق دەگرێتەوە کە تایبەت کراون بە چینی کرێنشینان و کەمدەرامەتان.
شایەنی باسە، پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 24ی 7ی 2025، بڕیار بوو ناوی سوودمەندبووانی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە شێوازی فەرمی لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕابگەیەندرێت.