دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نووسراوی فەرمی گرێنتی پاراستنی ئەمنی دەداتە کۆمپانیاکان و هەفتەی داهاتووش دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە
لە ئەنجامی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی لەدوای کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبوو، هاوکات لەدوای داواکردنی گرێنتی ئەمنی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکان لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەلی زەیدی، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە نووسراوی فەرمی بۆ ئەو مەبەستە کراوە.
سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: عەلی زەیدی بە نووسراو دڵنیایی ئەمنی داوەتە ئەو کۆمپانیایانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
سیستەمی بەرگریی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکی و درۆنی لە هەولێر جێگیر دەکرێت و پێشتریش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لەوبارەیەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆی کردووە و ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە.
دووبەردانی ڕوونیشی کردووەتەوە، چاوەڕێ دەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە کۆمپانیاکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە و لە قۆناخی یەکەمیشدا، نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهەندرێت و لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، وەک پێشتر کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
هەر ئەمڕۆ 16ـی حوزەیرانی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوای سەردانیکردنی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە کوردستان و عێراق و جیهان لە شاری هەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد: هیوادارین سەرچاوەی ئەو مەترسییانەی هەڕەشەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەمێنن و دابینکردنی سیستەمی بەرگریی و هاوکاریی بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەشی بە هەنگاوێکی گرنگ دانا.