بازگە گومرگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق هەڵدەگیرێن
دەستەی گشتی گومرگەکانی عێراق پشتڕاستی دەکاتەوە گەیشتووتەنە لێکتێگەیشتنی باش لەبارەی سیستەمی ئەسیکۆدا لەگەڵ هەولێر نزیکن لە ڕێککەوتن
هەولێر و بەغدا لە دۆسیەی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو لەبارەی بەستنەوەی سەرجەم دەروازەکان بە سیستمی ئەلیکترۆنی ئەسیکۆدا و ئەمەش پرۆسەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان چالاک دەکاتەوە.
16ـی حوزەیرانی 2026، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی گومرگەکانی عێراق ڕایگەیاند لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی، گەیشتوونەتە هەماهەنگییەکی ئاستبەرز و لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی ئەسیکۆدا لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
سامر ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو چوار بازگە گومرگییەی ئێستا لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا هەن، ڕێکارێکی کاتیین و سەرجەم ئەو بازگانە دەستبەجێ لادەبرێن کاتێک کاردکردن بە سیستەمی ئەسکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا هەر ئەمڕۆ جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کات ڤیتۆی لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا نەبووە بەڵکو تەنها پێویستی بە کاتی زیاتر هەبووە بۆ خۆگەنجاندن لەگەڵ سیستەمەکە و لێکتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ بەغدا هەیە و تیمی تەکنیکیش سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ڕێککەوتن لەوبارەیەوە.