ئایدن مەعروف: دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکی گونجاو بوو
. وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان پشتگیری لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند: دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکی گونجاو بوو هەروەها بە گرنگیشی زانی لە زووترین کاتدا، پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە.
ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمانی کوردستان وەک دەزگایەتی یاسایی و دەستووریی، لە هەموو کات زیاتر پێویستە کارا بکرێتەوە چونکە نوێنەرایەتی هەموو خەڵک دەکات.
ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕیوە، بۆیە پێویستە چیتر لەوە زیاتر دوانەخرێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دوای ئەوەش کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
هاوکات ئایدن مەعروف داوای لە لایەنەکان کرد کێشەکانیان وەلابنێن و بگەنە ڕێککەوتن و داواشی لە پەرلەمانتارن کرد هەڵوێستیان هەبێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لەبارەی بانگهێشتنی لایەنەکان بۆ کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەپێناو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف ڕایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییە لە کاتێکی گونجاو بوو، ئێمەش پشتیوانتی لێ دەکەین چونکە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
هەروەها جەختیشی لەسەر قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردەوە کە ئاماژەی بەوەکرد بوو کە هەنگاوی یەکەمی چارەسەری کێشەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە دەستپێدەکات، ئایدن مەعروف گوتی، بێگومان پەرلەمان نوێنەرایەتی هەموو خەڵک دەکات و دەزگایەکی گرنگە و ئێستاش دەرفەتێکی باش هاتۆتە پێشەوە بەهۆی نزیک بوونەوەی لایەنەکان و بوونی کەشێکی باش لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.