سەرۆک بارزانی و تۆم باڕاک کۆبوونەوە
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی نیشاندا
لەمیانی پێشوازیکردنی لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، سەرۆک بارزانی دووپاتکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەردەم فاکتەری سەقامگیری بووە لە عێراق و ناوچەکە.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز تۆم باڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کرد.
لە دیدارەکەدا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆک ترامپ بە سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی نیشاندا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە هەبوو. جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق و ناوچەکە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ و جێی بایەخی لە ئێستا و ئایندەدا هەیە. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە نموونەیی وەسفیکرد.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپاتکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەردەم فاکتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ سەرجەم کێشەکانی عێراق و ناوچەکە. هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە کێشەکان بەڵام بەناهەق پریشکی شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوچەکەی بەرکەوتووە. سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی سەقامگیر و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەکەی بڕوات.
لە تەوەرێکی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر گرنگیی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی عێراق و، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا باسی لە پێویستیی سەقامگیرکردن و پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق و پاراستنی ڕۆڵی دەوڵەت لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزە چەکدارە ناڕەسمییەکان کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات کردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەک لەدەستی میلیشیات و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق.
هەروەها سەبارەت بە حکوومەتی نوێی عێراق، سەرۆک بارزانی وێڕای جەختکردنەوە لە پاڵپشتیکردنی بەڕێز عەلی زەیدی، ئەوەی خستەڕوو پێویستە هەموو لایەک پەند لە هەڵەکانی ڕابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا کار بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و هاوکێشەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و هەورەها هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە پێکەوە کار لەسەر کۆمەڵێک ئەولەوییەتی هاوبەش بکەن بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی دۆستایەتیی ستراتیژیی درێژخایەن لەڕووی ئابووری و برەودان بە وەبەرهێنان.