گوتەبێژی پارتی: هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لە بەردەوامی هەوڵەکان دەکاتەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کراوەیە و لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ چارەکردنی ئەو ئاستەنگانەی هەیە لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن.
16ـی حوزەیرانی 2026، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕاگەیاند، کە پەیامنێری پایتەخت میدیاش ئامادەبوو، هەوڵەکانیان بەردەوامە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی.
هاوکات گوتەبێژی پارتی لەبارەی هەوڵەکانی لایەنەکانی دەرەوە، جەختی کردەوە، کە دەبێت هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان هەوڵبدەن بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکەن و روونیشی کردەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی باڵای لایەنە سیاسییەکان لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەن.