مەسرور بارزانی: دابینکردنی سیستەمی بەرگریی هەنگاوێکی گرنگە
نییەتی حکومەتی عێراق ئەوەیە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "هیوادارین سەرچاوەی ئەو مەترسییانە نەمێنێت کە هەڕەشەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەشکرد، نیەتی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئەوەبووە هاوکار و پاڵپشت بێت بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە.
ئەمڕۆ 16ـی حوزەیرانی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوای سەردانیکردنی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە کوردستان و عێراق و جیهان لە شاری هەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد: هیوادارین سەرچاوەی ئەو مەترسییانە هەڕەشەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەمێنن و دابینکردنی سیستەمی بەرگریی و هاوکاریی بۆ ئەم هەڕەشانەشی بە هەنگاوێکی گرنگ دانا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، چەند رۆژێک لەمەوبەر شاندێکی سەربازیی حکومەتی فیدراڵی لێرە بوون، ئەوان بەدواداچوونی ئەو پرسە لەگەڵ وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەکەن کە چۆن ئەم هاوکارییانە پێشکەشی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیانە بکەن کە پێویستییان بە هاوکاریی و بەرگریی هەیە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گووتیشی، هاتنی شاندی ئەمریکا و گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ئێمە، بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان. لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەی تۆم باڕاکیش گوتی: کۆبوونەوەکەمان بۆ ئەوەبووە چۆن بتوانین لە ڕووی ئابووری و ئەمنی هەماهەنگی یەکتر بین و رووبەرووی ئەو ئالنگارییانە ببینەوە کە هەن و زیاتریش هاوکاریی ئێمە بکەین، تاوەکو بتوانین باری ئابووری عێراق باشتر بکەین و کۆمپانیای ئەمەریکی و بیانی زیاتر بێنە عێراق و هەرێمی کوردستان.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بیرۆزبایی لە پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە کوردستان و عێراق و جیهان کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و گوتی: کوردستان ماڵی هەموومانە، ئێمە بەوە جوانین کە پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جیاوازین، پابەندیشین بەوەی هاوکاریی پێشکەشی کریستانییەکان بکەین. جەختیشی کردەوە لەگەڵ پاتریارکی کەنیسەی کلدانی، باسیان لەوە کردووە کە چۆن بتوانن کەشێکی وا دروست بکەن، ئەو خوشک و برا کریستیانانەی بە هۆکاری ئابووری یان ئەمنی ئێرەیان جێهێشتووە بیانگەڕێنینەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی نیەتی عێراق بۆ کارکردنەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نیەتی حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، ئەوەبووە هاوکار و پاڵپشت بن بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشە.