پایتەخت

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و تۆم باڕاک

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و تۆم باڕاک
کورتە

ئەمریکا لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: جەختیان لەسەر هەموو بابەتە گرنگەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.


16ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی لە پرسەی مامۆستا حوسێن محەممەد بەهائەددین لە شاری هەولێر، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دوا کە پەیامنێری پایتەخت میدیا لەوێ ئامادەبوو، سەرەخۆشی لە مامۆستا سەڵاحەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و هێمن لهۆنی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران کرد.


لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ تۆم باڕاک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان هەبووە و باسیان لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی بتوانن دۆخی ئابووری و ئەمنی ناوچەکە بەگشتی بەرەو باشتر ببەن، هەروەها پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمەریکا و دروستکردنی پەیوەندی بەهێزتر لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکی و بیانییەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بوو.


لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و دۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەنگاوی یەکەم کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە دواتر قسەی پێویست دەکێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. ڕوونیشیکردەوە، کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کارێکە لە جێی خۆی نییە و لە یەکەم ڕۆژەوە هەمان بۆچوونمان هەبووە کە پەرلەمانی کوردستان موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە و هیچ کەس و لایەنێکی سیاسییش بۆی نییە ڕێگری لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بکات.


لەبارەی ڕێککەوتننامەی ئەمەریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئاشتی بووین و هەر هەنگاوێکیش لەوپێناوە بدرێت ئێمە پێشوازی لێدەکەین.


لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا لە وەڵامی پەیامنێران، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، پەرلەمانی کوردستان موڵکی خەڵکی کوردستانە و نە موڵکی پارتییە و نە موڵکی یەکێتییە، ئەگەر ئاواش ڕێگری لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردتان بەدەوام بێت، ئەوکات دەبێ خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆیان لەوبارەیەوە بدە.

16 حوزەیران 2026 15:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026