ترەمپ: 300 ملیۆن دۆلار بە ئێران نادەین
ڕێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا دەنگۆی سەیر و سەمەرەی بەدوای خۆیدا و هێناوە و بەرپرسانی ئەمریکا قسەکانی یەکتر ڕەت دەکەنەوە.
بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئێران لەو زیانانەی لە جەنگ پێی گەیشتووە، پێشبینی ناردنی 300 ملیار دۆلار بۆ وڵاتەکە دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی کەناڵی ئێن بی سی نیوز و ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە کە گوایە واشنتن یارمەتی دارایی ئێران دەدات بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ.
ترەمپ لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نووسی: "ئێران ڕازی بووە تا هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت، هەروەها ئەو هەواڵەی کە گوایە ئەمریکا بڕی 300 ملیۆن دۆلار بە ئێران دەدات، ساختەیە و لەلایەن دیموکراتەکانەوە بڵاوکراوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ ئاماژەی بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار کردووە، بەڵام ڕوو نییە کە قسەکانی هەواڵی پێدانی 300 ملیار نەک ملیۆن ڕەت دەکاتەوە، کە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەکەی و میدیا جیهانییەکان بڵاوکراوەتەوە، تەنانەت جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕوونی کردووەتەوە، کە بڕی 300 ملیار دۆلار لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە دەدرێت بە ئێران نەک باجدەرانی ئەمریکا.
ڤانس بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی گووت: "یەک سەنتی ئەم بڕە پارەیە لە ئەمریکاوە نانێردرێت، تەنیا وڵاتانی عەرەبی کەنداو دەتوانن بڕیاری وەبەرهێنان بدەن، ئەگەر بێتو ئێران ئابوورییەکەی بۆ وەبەرهێنان سەلامەت بکات و وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتاو بکات."
فاینانشاڵ تامز ئەوەشی خستەڕوو، دەستەبەرکردنی ئەم بڕە پارەیە بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی پەیوەستە، کە لە درێژکردنەوەی ئاگربەستێکی 60 ڕۆژیی و کردنەوەی یەکجاری گەرووی هورمز پێکدێت.
هاوکات ڕۆژنامەکە پێشبینی دەکات، پارەکە لە چوارچێوەی هەندێک کۆمپانیای تایبەتەوە بەڕێوەببرێت، کە خواستییان لە بازاڕی ئابووری ئێران هەیە، لە بری ئەوەی پارەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆ ئێران بنێردرێت.